بەڕیکەوتنی کاروانی بارزانی بەرەو ئاراس

نووسین: سەمیر نزاری

دووای ڕوخانی کۆمار و خۆ بە دەستەوەنەدان بۆ خواستی دووژمن، بارزانی هەڤاڵانی سەلماندیان کە هیچ هێزیک ناتوانێت ڕێگا لە ئیڕادەی میللەتێک بگرێت کە بیەوێت ئازاد و سەربەخۆ بێت و کیان و بڕیار و خاک و نیشتیمان و ئاڵای خۆی هەبێت…

دووای خاتر خواستنی بارزانی و پێشمەرگە و هەڤاڵانی لە سێگۆشەی سنووری نێوان عیراق و تورکیا ئێران لە گادەر لە ئازیزان و کەس و کاریان، ڕێگای مان و نەمان و هات و نەهاتیان هەڵبژارد، دبووایە سنووری چوار دەوڵەت ببڕن و ڕووبەڕووی هەر هێزێک ببنەوە کە بیەوێت ڕێگایان لێ بگرێ..

دووای کۆبونەوە لەگەڵ شێخ احمدی بارزانی گەیشتن بە ئەنجام، نەمر مووستەفا بارزانی زۆر بە ووردی و حەکیمانە ئەو بڕیارەی دا بەرەو یەکێتی سۆڤیەتی ئەوکات لەگەڵ هەڤاڵانی بەڕێ کەوێت، ئەو باش دەیزانی کە ڕێگا زۆر زەحمەتە و بەربەستی زۆری دێنە پیشێ، دەبووایە نزیکەی ٥۰۰ میل ببڕن و نزیکەی ٥۷ ڕۆژ بەڕێوەبن، و دەبێ سەرکێشی  هەڤاڵ و یاوەر و پێشمەرگەکانی بکات تا دەیانگەینێتە کەنارێکی ئارام ..

چوون بەرەو یەکێتی سۆڤیەت بۆ نەمر بارزانی چوار موقفی پڕ لە ئازار و زەحمەت بوون:

ـ ڕووخانی کۆمار و دەست بەسەر کردنی قازی محمد.

ـ گەڕانەوەی شێخ احمد بارانی و کەسوکاری

و خانەوادەی زۆربەی پێشمەرگەکان بۆ ناوخاکی باشووری کوردستان دەسبەرکردن و نەفی کردنیان لەلایەن ڕژێمەوە.

– بەڕێکەوتن بۆ یەکێتی سۆڤیەت و چارەنووسێکی نا دیار.

ـ پەڕاندنەوەی پێشمەرگە و یاوەرانی لە رووباری ئاراس.

ئەم چوار تەحەدیە ئەگەر چی زۆر بە ئازار و زەحمەت بوون، بەڵام بارزانی دەیزانی ئەگەر بەسەریاندا سەرکەوت ئەوا لە بەرژەوەندی میللەت و دۆزەکەی تەواو دەبێت و ئەنجامی باشی لێدەکەوێتەوە.

لە سێگۆشەی سنوری گادەرەوە کاروان بەڕێکەوت بەرەو دەڤەری بارزان و شێروان مەزن و ناوچەی گەردیان و پەڕینەوە لە ڕووباری چامە و دوواتر لە ناوچەی مزووریان لە گوندی دری لەژێر بوردوومانی فڕۆکەکانی دووژمن ڕێیانکرد و لە خاڵی سنووری نێوان باشوور و باکوری کوردستان و دەربازکردنی چیاکانی چارچەل و گۆڤەند و نهێل و کەلیێ کۆتۆڵ و چەندین دۆڵ نەهاڵ، هەموویان بەفر دایپۆشیبوون و دەبوایە بارزانی بەسەریاندا سەرکەوێیت..

لە ڕێگادا بە ناوچەکانی سنووری نێوان عێراق و تورکیا و ئێران تا دەگاتە ناوچە سنووریەکانی نێوان ڕوسیا و تورکیا، لە ڕێگادا ڕووبەڕووی هێزەکانی سێ دەوڵەتی زلهێز بونەوە،  هەموو بزاڤیکیان کرد ڕێگا لە کاروانی بارزانی و هەڤاڵانی بگرن بەڵام نەیانتوانی، زۆر لە سەرۆک عەشیر و هۆزەکان لە ڕێگادا پێشوازیان لە کاروانی بارزانی یاوەرانی نەکرد و بەڵکو ڕووبەڕووشیان بونەوە و ناپاکیان لێکردن، بەڵام  هەندێک لە هۆز و عەشیرەتەکان نان و ئاویان پێدەدان و پێشوازیان لێدەکردن..

لەناو خاکی ڕوژەهڵات و کوردستان لە دەڤەری تەرگەوڕ و مەرگەوڕ و دوواتر لە گەلیێ کۆتۆڵ و پردی ماکۆ و هاسونێ و چەند شوێنێکی تر ڕووبەڕووی شەڕبونەوە لەگەڵ هێزی دوژمن و لە ئەنجامدا ۱۱ پێشمەرگە و سەرقوڵەی قارەمان  شەهیدبون و چەندێکشیان بریندار بوون، زۆریشیان نەخۆش کەوتن، بەڵام هیچ شتیک نەیتوانی ئەو کاروانە لە بزاڤ بوەستێنێ، بارزانی مستەفا ش چونکە خەونێکی مەزنی هەبوو توانی سەر کاروانی هەڤاڵ و یاوەرانی بکات و بیانگەیێنێتە کەناری ئارامی و سەرفەرازی..

دووای ٥۷ ڕۆژ بارزانی و هەڤاڵانی لە گادەرەوە کەیشتنە سەر ڕوباری ئاراس، ٥۰۳ پێشمەرگەی ماندوو، برسی و تینو، نەخۆش، بەڵام زۆر بەهێز لە ئیڕادە و بیر و باوەڕ بە بارزانی و ڕێبازەکەی..

گەیشتنی بارزانی و هەڤاڵانی بۆ سەر ڕوباری ئاراس و پەڕینەوەیان زەبرێکی کوشندە بوو بۆ دڵی دووژمنان و نەیارانی دۆزی کورد، لە هەمان کاتدا خۆشی و هێزی بە میللەتی کورد و هەموو نیشتیمان بەخشی،

پیرەمێردی شاعیری کورد لە شیعرێکدا بۆ پەڕینەوەی بارزانی و هەڤاڵانی دەڵێ:

عەشرەت هەوارە عەشرەت هاوارە

کەوتومە ئاراس ئاو بێ بوارە

پێم نیە منیش شوێن ئەوان کەوم

هەنگاوێک بنێم پیرم ئەکەوم

لێرەش وا کەوتووم بەدەم دەردەوە

لە ئێشی دووری و ئاهی سەردەوە

بەڵکەم بە ئاهم دەوران وەرگەڕێ

یا وا وەرگەڕێ ئێڵم سەرکەوێ

با زرمەی تۆپی زەڕی بەرکەوی

ئەوسا دووعای من وا گیراو دەبێ

لە خانەی خاکا ئاواتم نابێ

ئینجا تەلقینم بدەن بە کوردی

بڵێن ئاواتت هاتە دی مردی ـ پیرەمێرد ۱۹٤۷

چ جەنابی شێخ احمد بارزانی، چ ئەو هەڤاڵ و هاوسەنگەر و پێشمەرگانەی کە لەگەڵی بوون، چ خانەوادە و میللەتەکەی هەموویان باوەڕی تەوایان بە بارزانی هەبوو کە لەئاست بەرپرسیارەتی دەبێت و پەیام و دۆزی کورد دەگەیێنێتە قۆناغ و بە سەربەرزی دەگەڕێتەوە، لە کۆتایدا هەر وای کرد و ئەنجامەکانیش هەر وا دەرچوون..

سەنگەر و پێشمەرگە

سمیر نزاری

2020/6/18

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back To Top